بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

لەسەروبەندی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکارداین. چینی کرێکاری ئێران لە هەلومەرجێکدا بەرەوپیری یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکار دەچێت کە ڕژیمی دەسەڵاتداری ئێران لە لوتکەی شپرزەیی ئابووری و لە داوی قەیرانە چارەهەڵنەگرەکانیدا گرفتار بووە.

لەم نێوەندەدا قەیران و شپرزەیی ئابووری ڕژیم، پتر لە هەمووان لەسەر شانی چینی کرێکاری ئێران قورسایی دەکات. ملیۆنان کرێکار بێکارن و بەبێ بەهرەمەند بوون لە مافی بیمەی بێکاری و بێ هیوا لە پەیداکردنی کار، لەگەڵ هەژاری و برسێتی دەست و پەنجە نەرم دەکات. ملیۆنان کرێکاری لەسەرکار لە لانیکەمی حەقدەستێکی مەمرە و مەژی بێبەشن. کۆماری ئیسلامی لە پەنای چڕتر کردنەوەی سەرکوتەکان و پێشێلکردنی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، سەپاندنی حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری و دەستدرێژی بۆسەر ئاستی بژێو و سفرەی بەتاڵی چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگای، وەک چارەسەرێک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان هەڵبژاردووە.

لە هەلومەرجێکدا کە خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنانی خەباتگێڕ و ئازادیخواز لە شەقامی شارەکاندا بەرامبەر بە سەپاندنی حیجابی ئیجباری، لەسەر بەستێنی شۆڕشی شکۆداری ژن، ژیان، ئازادی، هەروا بەردەوامە، بەڕێوەچوونی یەکی ئایار دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگا بەجێ بهێڵێت، لەمڕووەوە زۆر گرنگە کە سەرجەم هەڵسووڕاوانی کرێکاری و چالاکانی سۆسیالیست و پێشڕەوانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی خوێندکاریی، شانبەشانی یەکتر هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی یەکی ئایار، هەرچی شکۆدارتر بەڕێوە ببەن. شکڵگرتنی زۆرترین هاوکاری و یەکگرتوویی کرداریی لە نێوان ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت بە شێوەیەکی بەرینتر بەڕێوە بچێت. دەبێ لە ڕۆژی یەکی ئایاردا بە چینی سەرمایەدار و ڕژیمە پشتیوانەکەیان ڕابگەیەندرێت کە ناتوانن بە سەپاندنی باری قورسی قەیرانەکان بەسەر شانی چینی کرێکار و بە میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا، خۆیان لە گێژاوی ئەم قەیرانە ڕزگار بکەن. دبێ خواستی ئازادی زیندانیانی سیاسی، ببێتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان، دەبێ ڕابگەیەندرێت کە خەبات لەپێناو زیادکردنی حەقدەستەکان هاوتەریب لەگەڵ ئاستی هەڵاوسانی ڕاستەقینە و سەبەتەی بژێوی ژیان، هەروا بەردەوامە. دەبێ جارێکی دیکە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر داواکارییە سەرەکییەکانی چینی کرێکاری ئێران و پێداگری لەسەر ئازادی دەستبەجێی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی دەستبەسەرکراو، ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران تەرکیز بکەنە سەر گرینگی و پێویستیی چڕکردنەوەی هێز و خەبات بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە چینایەتی و جەماوەرییەکانی کرێکاران.

چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیە بە لەبەرچاوگرتنی بوون و حوزوری هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی خاوەن ئەزموونی کرێکاریی و مێژووی بەڕێوەچوونی ئەم ڕۆژە لە ساڵانی ڕابردوودا، چاوەڕوانییەکی دوور واقیع نییە. بزووتنەوەی کرێکاری لەو ڕۆژەدا نەک هەر دەبێ ئاڵای ویست و داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی خۆی بەرز بکاتەوە، بەڵکوو دەبێ توانایی و پۆتانسێلی خۆی بۆ ڕێبەرایەتیکردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی ئێران نیشان بدات. پێویستە چینی کرێکار لەم ڕۆژەدا، بە نەخشاندنی دروشمی ئازادی و یەکسانی، ڕزگاری ژنان لە چنگ ستەم و چەوساندنەوە و هەروەها ڕزگاری نەتەوە و ئایینەکان لە کۆت و بەندی ستەم و زۆرداری، هەنگاوێکی گەورە بەرەو پەیوەندی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبگرێت. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ناڕەزایەتی دەربڕینە بەرامبەر بە ڕاگرتنی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری لە زیندانەکاندا و ڕۆژی خەباتە لەپێناو ئازادی دەستبەجێی سەرجەم زیندانیانی سیاسی. ڕۆژی جیهانی کرێکار، ڕۆژی خەبات و تێکۆشانە لەپێناو زیادکردنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی، ڕۆژی خەباتە بۆ ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو و مانگرتن، ڕۆژی خەباتە لەدژی بێکاری و لەسەرکار دەرکردن و هەروەها ڕۆژی خەباتە لەپێناو دابینکردنی بیمەی بێکاریی گونجاو بۆ سەرجەم بێکاران و هەر تاکێکی ئامادە بەکار.

ڕۆژی جیهانی کرێکار ڕۆژی ئیدانەکردنی کاری منداڵان و داکۆکیکردن لە مافی منداڵانە! ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارنامانەیە کە سەرجەم داواکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و خۆش بژێوییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و لاوان و منداڵان لەخۆدەگرێت. پێویستە لەم ڕۆژەدا ژنانی تێکۆشەر، مامۆستایان، پەرستاران، خوێندکاران و لاوانی سۆسیالیست، ئینسانە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، ئامادەبن تا شانبەشانی بزووتنەوەی کرێکاریی، لەو ڕێوڕەسمانەدا بەشداری بەرچاو و چالاکانەیان هەبێت.

لەم ڕۆژەدا پێویستە کرێکاران بە هێز و متمانە بەخۆبوونێکی ئەوتۆوە لە ڕێوڕەسمەکانی یەکی ئایاردا دەربکەون کە بە نمایشکردنی هێزی یەکگرتووی خۆیان، هێز و توانایی بەو بزووتنەوە جەماوەرییەی ئێستا ببەخشن و چەند هانگاو بەرەو پێشەوەی بەرن. پێویست کرێکاران لە ڕێوڕەسمەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، بە ڕوونی ڕابگەیەنن کە لەپێناو دەستەبەرکردنی هەرکام لە ویست و داواکارییەکانیاندا، هێندە یەکگرتووانە و بەهێز لە بەرامبەر سەرمایە و ئەم ڕژیم و دەوڵەتەدا دەردەکەون کە دوژمنە چینایەتییەکانیان هەست بە مەترسییەکی جیددی بکەن و تێبگەن کە کرێکاران هیچ وادە و بەڵێنێکی ئەمڕۆ بۆ سبەی قبوڵ ناکەن و ئەوەی کە ئەمڕۆ داوای دەکەن، هەر ئەمڕۆش دەیانەوێت.

با بە پێشوازی بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدارتری ڕێوڕەسمەکانی یەکی ئایارەوە بچین و لەم ڕێوڕەسمانەدا، بە ڕاگەیاندنی بڕیارە هاوبەشەکانمان لە دژی سەرمایە، بە سەرمایەداران و ڕژیمە ئیسلامییە پشتیوانەکەیان بڵێین کە، ئەمساڵ بە خەبات و تێکۆشانێکی یەکگرتووانە و ڕێکخراوتر و بە بەکارهێنانی میتۆد و شێوازێکی ڕادیکاڵتر و کاریگەرتر، دەست پێدەکەین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

هەورامان؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

پ آوریل 25 , 2024
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەوڵاوا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزایی شاخەکانی تەتەی هەورامان برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەمە ٥ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی شاخەکانی تەتەی هەورامان تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک قاچی برینداربوو. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «عەلی محەمەدی» تەمەن٢٣ ساڵ و […]

You May Like