سەردەشت؛ برینداربوونی منداڵ کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی

هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری سەردەشت منداڵ کۆڵبەرێک هەردوو چاویان بە سەختی بریندارکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئێوارەی هەینی ١٤ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری سەردەشت بە چەکی ساچمەیی منداڵ کۆڵبەرێک بە تەقە کردۆتە ئامانج. ناسنامەی ئەم منداڵ کۆڵبەرە «ئاریان مەمەندی» ١٧ ساڵە و خەڵکی گوندی ساوان سەربە شاری سەردەشت بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم منداڵ کۆڵبەرە هەردوو چاوی بە سەختی ئازاری پێگەیشتووە و ئەگەری زۆرە بۆ هەمیشە بینایی لەدەستبدات.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

ش مه 4 , 2024
لە ئێران، ڕۆژی ١٢ی گوڵانی هەموو ساڵێکدا بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانەوە ڕێوڕەسمگەلێک بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵ کە ڕۆژی جیهانی کرێکاران کەوتە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان، شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵانی بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی مامۆستایان و بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بەو ڕۆژە دیاریکردت. ڕۆژی مامۆستا لە […]

You May Like